شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: یا ڕەسوولەڵڵا مەدەد بەسراوە لێم قاپیی نەجات

یا ڕەسوولەڵڵا مەدەد بەسراوە لێم قاپیی نەجات
زوو بە لوتفت بگرە دەستم شاه و فەخری کائینات

ڕوو لە هەر لایێ ئەکەم، ڕێگەم نییە سا ڕەحمەتێ
ڕووڕەش و بێچارە وا ڕووم کردە قاپیی بارەگات

دڵ بە خوێن و خەستە جەرگ و دیدە پڕ ئاو و نمین
بێکەس و بێمەرجەعم، خۆم خستە ژێر سایە و پەنات

تۆ شەهەنشاهی سڕی دێهیمی خەتمولمورسلین
سا تەرەححوم کە بە حاڵم من فیدایی خاکی پات

بێ پەنا و بێ نەوا، بێ دەستگیر و تۆ ئومێد
هەر لە بەر مەحزی خودا قوربان لە گەنجینەی سەخات

مەرحەمەت فەرموو بە غەمباری و زەلیلی و بێ دەریم
چارەیی ئەم دەردە کە پێم بەخشە تۆ قەبزەی بەرات

وا لە دەس زوڵم و جەفا مینە بە دەم ئێشی دەروون
ئەم عەریزەی دایە خزمەت، سەروەرا! هاوار لە لات